
له شایی دا له وه‌ختی هه‌ڵپه‌ڕین دا
له خۆشی دا له کاتی پێکه‌نین دا
له کۆڕی ماته‌م و گریان و شین دا
ئه‌من ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له بیره
به شه‌و تاکوو به سه‌رما زاڵ ده‌بێ خه‌و
به ڕۆژ تاکوو دووباره دێته‌وه شه‌و
له کاتێک دا که ده‌دوێنم ئه‌م و ئه‌و
ئه‌من ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له بیره
زه‌مانێکی که ده‌چمه سه‌یری گوڵزار
له گه‌ڵ پۆلی ڕه‌فیقانی وه‌فادار
ته‌نانه‌ت وه‌ختی ده‌سبازی له‌گه‌ڵ یار
ئه‌من ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له بیره
له کوێستانێ ده‌می ڕاو و شکارێ
له مه‌زرایه که خۆم هه‌ڵکرد له کارێ
له جێ ژوانێ که ده‌گوشم مه‌مکی یارێ
ئه‌من ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له بیره
ده‌که‌م ته‌رخان له ڕێی تۆ دا ژیانم
له سه‌نگه‌ر دا به‌ره‌و ڕووی دوژمنانم
به خاکی تۆ ده‌می ئاویلکه‌دانم
ئه‌من ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له بیره


وه‌ته‌ن! گیان و سه‌ر و ماڵم فیدای تۆ
وه‌گیانی من که‌وێ ده‌رد و به‌ڵای تۆ
له پێناوت ده‌نێم سه‌ر تا بزانی
منم ڕۆڵێکی ئازا و باوه‌فای تۆ
له‌بۆ پاراستن و حیفزی سنوورت
له‌باتی (ماژینۆ) سینگم قه‌ڵای تۆ
ده‌بێ من چۆن بژیم مه‌سروور و دڵشاد
که ده‌ت بینم له ده‌س بێگانه دای تۆ
ده‌بێ که‌ی سه‌ربه‌خۆبی تۆ ؟ هه‌تا من
به سه‌ربه‌ستی بکه‌م سه‌یر و سه‌فای تۆ
به شینکه و گوڵ سه‌راسه‌ر سوور و شینه
چ جوانه دیمه‌نی کێو و چیای تۆ
له گه‌ڵ تۆ بۆ نه‌جاتی نیشتمانت
ده‌ده‌ن(هێمن)! هه‌وڵ خوشک و برای تۆ
هێمن

كوردستان ئه‌ی نیشتمانم
هێزی دڵ ئارامی گیانم
جێی سه‌ر بلـیندی و شانازی
تا دڵ ده‌خوازێ دڵخوازی
گوڵی پشكوتووی بێ پاییز
سیس نابی و ناوه‌ری هه‌رگیز
مێشكم ، هه‌ستم ، بیرم، ژینم
بۆ تۆن ئه‌ی گیانی شیرینم
تا زیندووم هه‌رتۆی مه‌به‌ستم
خۆشم ده‌وی ده‌ت په‌ره‌ستم
بشمرم له‌شی به گڵ بوو
ده‌ڕوێنێ چه‌ند گوڵ و دڕو
گوڵم بۆ ده‌ستی دڵدارت
چه‌قڵم بۆ چاوی به‌د كارت
گیانیش ده‌فرێته ئاسمانت
ئه‌و سا تێر ده‌كا سه‌یرانت
مێشكم ، هه‌ستم ، بیرم، ژینم
بۆ تۆن ئه‌ی گیانی شیرینم


ئه‌ی ـ چاو ـ ه کانم ،
من بێشکه‌ی سه‌رم
تاکه‌ی ڕاژێنم ؟
سواری سه‌رباڵی کام خه‌یاڵتان که‌م
ئێوه بنوێنم ؟
هه‌رچه‌ند ئه‌زانم
که بای هه‌ناسه‌م
تۆزی خه‌رمانی خه‌می ده‌روونم
بۆ ئێوه دێنێ ،
به‌ڵام گوێ بده‌نه
ئاهه‌نگی دڵی ماندووم که ده‌ڵێ :
" هه‌ی لایه لایه ، ڕۆڵه لای لایه
ده بنوون دره‌نگه، بۆچ خه‌وتان نایه."


ئه‌گه‌ر ڕووبار ،
گه‌ڵای ته‌رمم هه‌تاکوو نێو ده‌ریا ببا ؛
من ئاماده‌ی هه‌ڵوه‌رینم .
ئه‌گه‌ر ئاسمان ؛
مه‌لی ڕوحم تا ئه‌وپه‌ڕی بێ کۆتایی ڕێگا بدا ؛
من ئاماده‌ی هه‌ڵفڕینم .
من ئاماده‌ی تووانه‌وه‌م
هه‌ڵمی له‌شم ده‌باوه‌شی دا ڕاگوێزێ :
ئه‌گه‌ر هه‌ور .

ئه‌م خۆشه‌ویسته دڵڕه‌قه عیشق په‌ره‌وه‌ی
نه ده‌توانم وه‌کوو کیژێک بیخه‌مه پاشته‌رکی ئه‌سپ و
له ژێر سایه‌ی زێڕوه‌شانی تریفه‌ی مانگه‌شه‌وێکدا
هه‌ڵیگرم ،
نه ده‌شتوانم هه‌رگیز دڵی لێ به‌رده‌م و
خۆم گیرۆده‌ی کۆلکه زێڕینه‌ی شوێنێکی دیکه بکه‌م
ناوی : خاکه .
ئه‌م ده‌یایه‌ی
نه ده‌توانم له جامی چاوه‌کانمدا ڕایگوێزم و
نه ده‌شتوانم له دووری ئه‌و
له ئوقیانووسی هیچ شوێنێکی دیکه‌دا قومه ئاوێک
بخۆمه‌وه
ناوی : خه‌ڵکه.
من ده‌زانم دارستانی هه‌موو شوێنێک
جریوه‌ی گه‌رمی چۆله‌که و
ڕووباری هه‌موو وڵاتێک
ده‌نگی تاڤگه و ڕه‌نگی که‌ف و پێچ و په‌نای ڕێگه‌ی به‌رد و
ده‌ریای هه‌یه
به‌ڵام چ بکه‌م لێره نه‌بێ
نه گوێم چاکیان ده‌بیسێت و
نه چاوم چاکیان ده‌بینێ و
نه گیانم چاکیان هه‌ست ده‌کا .
1375 ی هه‌تاوی
مارف ئاغایی

به‌خێربێن بو وێبلاگی شێعری کوردی
چاوه‌ڕی بن





